یەکێتی پەیامێک ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی کوردستانی لە کەرکوک و سەرجەم ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان دەکات و دەڵێت " ئەم سەرکەوتنە جێی شانازییە و باشترین بەڵگە و بەرپەرچی کوردانەیە بۆ سەلماندنی ناسنامەی کوردستانی".

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی....

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
دەنگدەرانی   کوردستانی  لە کەرکوک و سەرجەم ناوچە كوردستانییە دابڕاوەکان 

بۆ ئەم سەركەوتنە مەزنەی گەلەکەمان  و بەشداری پڕ جۆش و خرۆشتان،  بەرۆحی بەرزی دیموکراتی و نیشتمانپەرەوەی بۆ سەرخستنی لیست و هاوپەیمانیی و كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە کەرکوک ، موسڵ ، خانەقین و خورماتوو،  پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی دەنگدارانی بەوەفای کوردستانی و بەتایبەتی دەنگدەرانی سەوز دەکەین ، ئەم ئەنجامە جێی شانازییە باشترین بەڵگە و بەرپەرچی کوردانەیە بۆ  سەلماندنی ناسنامەی کوردستانی  و دووپات کردنەوەی ئەو راستییەی كە یەكێتیی هێزی جەماوەری كوردستانە و لەهەموو قۆناغەكان لەگەڵیاندایە و بەجێیان ناهێلێت، بە سیاسەت و خەبات ، بەسەنگ و دەنگ شەری كوردستانی سەرجەم ناوچە دابڕاوەکان دەكات.

پیرۆزە  ئەم سەرکەوتنە کە  یەكێتیەكەی خۆتان هێزی یەكەمی ناوچە دابڕاوەکانە بە تایبەتی لە كەركوكی قودسی کوردستان . 

هەر پشت بە هێز و ئیرادەی ئێوەش و بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال ئەنجومەنێکی کارای پارێزگا و ئیدارەیەکی خزمەتگوزار  لە پێکهاتەکانی کەرکوک دروست دەکەین  کە پارێزگارەکەی کورد و یەکێتیی بێت.

جارێکی تر پیرۆزە و هەر سەربەرز و سەركەوتوو بن



AM:12:12:20/12/2023