حكومەتی عێراق نرخی نەوتی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم هەرزان كرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا نرخی یەك لیتر نەوت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بكات بە ٢٥٠ دینار و بۆ ماوەی ٤ مانگ بەردەوام بێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، بڕیار دراوە نرخی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ لیترێك بكرێت بە ٢٥٠ دینار بۆ هەر لیترێك.

ڕاشیگەیاندووە" پێدانی ئەو نەوتە بە هاووڵاتیانی هەرێم لە ١ی ١٢ی ٢٠٢٣ەوە دەستپێدەكات و بۆ ماوەی ٤ مانگ بەردەوام دەبێت".

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەرمیلێك نەوتی ٢٠٠ لیتری بە ٥٠ هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.

پێشتر د.عیزەت سابیر، جێگری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند" بڕیاریان داوە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم ڕەوانە بكەن و بەرمیلی بە ٥٠ هەزار دینار دەبێت".


PM:09:12:20/12/2023