وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیەندرا

بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بڕیارە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕابگەیەنێت".

خالید عەباس بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە" بڕیارە کۆتایی ئەم ھەفتەیە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕابگەیەنێت کە ڕۆژی چوارشەممە یاخود پێنج شەممە دەبێت، بەڵام پێناچێت گۆڕانکاری لە ئەنجامەکان بکرێت، چونکە دەنگدانی تایبەت ٦% بوو، بۆیە تا ئەنجامیش ڕانەگەیەندرێت دیار نابێت". 

وتیشی" دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان کاندید و لایەنەکان بۆیان ھەیە لە ماوەی سێ ڕۆژدا تانە لە ئەنجامەکان بدەن، ئەگەر  تێبینییان ھەبێت، دواتر دەبێتە ئەنجامی فەرمی ھەڵبژاردنەکان". 

ئەوەشی خستەڕوو، ھەر سکاڵایەک لەلایەن کاندید و لایەنەکان تۆمارکرابێت لەو ماوەیەدا لە ھەر وێستگەیەک سکاڵا ھەبێت کۆمسیۆن دەچێت ئەو وێستگەیە دەکاتەوە و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەلکترۆنی، بۆیە سەرجەم سکاڵاکان یەکلایی دەکرێنەوە. 


PM:06:46:25/12/2023