لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ١٦ کەس بوونە قوربانی

لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکان و چەکی قورسەوە کە چەندرۆژێکە بە چڕی دەستیپێکردووە، ئامارەکان دەریدەخەن کە ٧ کەس شەهید بوون و ٩ کەسیش برینداربوون.

بە گوێرەی هەواڵەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەروەها چەکی قورسەوە، ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکان کراونەتە ئامانج، هەروەها بەهۆی ئەم هێرشانەوە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون.
 
زانیارییەکانی نافەرمی دەریدەخەن جگە لەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان گەیشتووە، حکومەتی تورکیا وێستگەکانی کارەبا، کۆگاکانی دانەوێڵە، میڵەکان، نەخۆشخانەکان، وێستگەکانی گواستنەوەی گشتی، هەروەها دامەزراوە پیشەسازییە مەدەنییەکانی وەک کارگەی سیرامیک، پاککەرەوە، و کۆمپانیاکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەی بۆردوومان کردووە.

بە گوێرەی هەواڵەکان هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٤٥ بەکاتی ناوخۆ، حکومەتی تورکیا وۆرکشۆپێکی لە گەڕەکی ئاڵایە قامیشلو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد، پاشان ٤ جار ناوەندی خزمەتگوزاری ژێرخانی لە گەڕەکی عەنتاریە بۆردومان کرد،و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سیمناڤ و کارگەی ئێم لە دوورگەکە و وێستگەی شەمەندەفەر لەو شوێنانە بوون کە بۆردومان کراون.

بەپێی سەرچاوە خۆجییەکان لە هێرشەکانی قامیشلۆدا ٧ کەس شەهید بوون و ٩ کەسیش بریندار بوون، کە ناوی ئەم حەوت کەسەیان بریتین لە:( شەهید بێریڤان محەمەد، شەهید فەرحان خەڵەف، شەهید ڕیاز حەمۆ، شەهید فەرحان تامێ، شەهید ڕێناس حسێن، شەهید حسێن ئەحمەد، شەهید ئایە سەباوی). دەوترێت ڕەنگە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زیاد بکات.

لە هەمان کاتدا حکومەتی تورکیا هێرشی کردە سەر دوکانێکی چاکسازی لە کۆبانی و لە ئەنجامدا ٢ کرێکار بریندار بوون.

لە ٢٣ی کانونی یەکەمەوە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوتوونەتە بەر هێرشی توندی دەوڵەتی تورکیا و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و فڕۆکە جەنگییەکان و چەکی قورسیش ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزاری و مەدەنی و تەندروستیەکانی سەرتاسەری ناوچەکە دەکەنە ئامانج.




PM:03:07:26/12/2023