لە هەولێر بازرگانێکی بیانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکرا

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی کانوونی یەکەم بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیرکردنی بازرگانێکی بیانی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند و  دەشڵێت" دەستیان بەسەر (١٣٦) کیلۆگرام حەبی هۆشبەردا گرتووە". 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوەکەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى نەهێشتنی مادوە هۆشبەرەکاندا هاتووە" دوای ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی نەینەواو یەکگرتنەوەی زانیارییەکان‌ و پشتڕاستکردنەوەی و وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا بازرگانێکی نێودەوڵەتی بیانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر دەستگیربکرێت". 

ئه‌وه‌ش هاتووە" لەم چالاکیەدا بڕی (١٣٦کیلۆگرام) حەبی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا، وەک لە بەیاننامەی پێشوترمان لە ٢٥ى ئه‌م مانگه‌ ئاماژەمان پێدابوو، بەهۆی دەستگیرکردنی بازرگانێک لە شاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان‌ و دوای لێکۆڵینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، توانرا بڕی (١٠٠ کیلۆگرام) حەبی پتاگۆن لە پارێزگای زیقار دەستی بەسەردابگیرێت، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵ هەمان تۆمەتبار توانراوە بڕی (٧٦ کیلۆگرام)ی تریش لە هەمان مادە دەستی بەسەردابگیرێت کە کۆی گشتی مادە دەستبەسەردا گیراوە بوەتە (١٧٦)کیلۆگرام".

هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌ندراوەدا باس له‌وه‌شكراوه‌، لە مساڵەدا چەندین بڕی تر لە جۆرئ حەبە مەترسیدارە کە نزیکەی یەک تۆن‌ و نیو دەبێت (کە بەدەنک زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانە حەب) دەکات، توانراوە دەستی بەسەردابگیرێت لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی ناوخۆی و دەرەکی. 


PM:02:04:30/12/2023