کەشناسێک وادەی دەستپێکردنی باران بارینی ڕاگەیاند

کەشناسێکی شارەزا زانیاری نوێی لەسەر ھاتنی شەپۆلێکی کورت خایەنی بارانبارین ڕاگەیاند و دەڵێت" لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینیەوە شەپۆلێکی بارانبارین بەرێژە و بڕی جیاواز ناوچەکانمان دەگرێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی نزمەپاڵەپەستۆیەکی باکوری ئەوروپا کە بەشێوەیەکی لاواز کاریگەری لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینیەوە شەپۆلێکی بارانبارین بەرێژە و بڕی جیاواز ناوچەکانمان دەگرێتەوە کە کاریگەری زیاتری لەسەر سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین دەبێت، بە بارانی بەردەوامی زستانەیی و بارینی بەفر لە چیا بەرزەکاندا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگشتی کاریگەری کەمتر دەبێت بۆ سەنتەری پارێزگای ھەولێر و ناوچە نزمەکان وە سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بەرێژەیەکی مامناوەند و پچر پچر باران دەبارێت، بە تایبەت لە ئێوارەی ھەینی بۆ بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لەو ناوچانەدا بارانەکە دەستپێدەکات. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بە گشتی لاواز دەبێت و ناوبەناو ھەندێ کات نمە بارانی پچر پچر دەبارێت و پلەکانی گەرماش نزمبوونەوەی کەمی بەسەردا دێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا و کاریگەری ئەم شەپۆلەش لەسەر ناوچەکان تا بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت. 


PM:12:56:02/01/2024