ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی کرمان دەستگیركران

وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیركردنی ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی كرمان ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ هەینی ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، "ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو گرووپەی تەقینەوەكەی شاری كرمان-یان ئەنجامدا دەستگیركران".

ڕاشیگەیاندووە، "هێزەکانی دەزگای هەواڵگری چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە تەقینەوەکانی کرمان".

ڕۆژی چوار شەممە لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و لە نزیك گۆڕەكەی لە شاری كرمان مەراسیمی ساڵیادی كۆچی دوایی بۆ ئەو سەركردە ئێرانییە ئەنجام درا، بەڵام لەو كاتەدا دوو تەقینەوە ئاپۆڕای هاووڵاتیانی هەژاند و بەهۆیەوە نزیكەی ١٠٠ كەس كوژران و نزیكەی ٢٠٠ كەسیش بریندار بوون.


PM:02:36:05/01/2024