وەزیری پەروەردە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بەڵێنێک بە مامۆستایان دەدات

ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بەڵێنێک بە مامۆستایان دەدات و دەڵیت" ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان داوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ وەزیری پەروەردەی هەرێم، ئالان حەمەسەعید لە نوسراوێکی فەرمی دا کە ئاراستەی مامۆستایانی کردووە رایگەیاند" ئەنجەمەنی وەزیران رەزامەندی داوە کە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم ، پلە بەرز کردنەوەی مامۆستایان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکات".

لە نووسراوەکەی وەزیری پەروەردەدا ئەوەش خراوەتەڕوو" ئەنجومەنی وەزیران رەزایەتی داوە بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بە گوێرەی رێنمایییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری". 

ماوەی زیاتر لە سێ مانگە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.



AM:11:57:07/01/2024