"کارەساتێکی گەورەیە هاوڵاتیان نەتوانن دڵیان بەتاڵ بکەنەوە"

مەڵبەندی هەولێری یەكێتی لەبارەی دەستگیركردنی كاسبكارێكی شارەكە دەڵێت" کارەساتێکی گەورەیە هاوڵاتییان نەتوانن دڵیان بەتاڵ بکەنەوە". 

ڕاگەیاندنی مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتی، ئەمشەو دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە" دەستگیرکردن لەسەر قسەکردن و ناڕەزای هاوڵاتییان، کردەوەیەکی زۆر مەترسیدارە و هەموو دەسەڵاتەکان دەخاتە ژێر پرسیاری زۆر قورسەوە". 

دەشڵێت" هەزاران کەس لە پێناوی ڕزگاری و ئازادی هەرێمی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە، بەڵام کارەساتێکی زۆر گەورەیە، کە ئێستا هاوڵاتیان نەتوانن تەنانەت دڵی پڕ لە زوخاوی خۆشیان بەتاڵ بکەنەوە لە بەرامبەر ئەم هەموو باج و زەریبەیەی حکومەت بەسەر کۆمەڵانی خەڵك سەپاندوویەتی". 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە" پێویستە هێزە سیاسەکان لەگەڵ هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراو و سەندیکاکانی کرێکارانیش بێنە دەنگ لەدژی ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین، ناکرێ هاوڵاتیەك قسەیەك بکاو ئاسایشیش دەستگیری بکات". 

ئێوارەی ئەمڕۆ ئیدریس مەسعود کە پیشەی نانەوایە، بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی حكومەت لە بەردەم ماڵی خۆیان لە هەولێر لەلایەن هێزێكی ئەمنی دەستگیركرا و تائێستا چارەنووسی نادیارە. 


PM:11:01:08/01/2024