لە هەولێر زیاتر لە (٦٠٠) خاوەنی نانەواخانە مانگرتنیان راگەیاند

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦١٠ خاوەنی نانەواخانەی پارێزگای هەولێر مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند و دەڵێن" بەرپرسان رێگە نادەن کاربکەین". 

خاوەن نانەواخانەکانی هەولێر، بەیانی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا كه‌ ئاڕاسته‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم (ماوە بۆدرێژکراوە)یان كردووه‌، بڵاویانکردەوە" ئێمە وەكو خاوەنی ٦١٠ نانەواخانەی هەولێر كە ئەمڕۆ كارمان نەكردووە، بەهۆی ئەو هەموو فشارەی لەسەرمانە، دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەكانمان، تكامان وایە ئەو بڕیارە بە بەرپرسانی هەولێر رابگرن، چونكە بە ڕاستی ئەوان رێگە نادەن كار بكەین". 

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە" راستە ئێستا ئارد هەرزان بووە، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر فەردەیەك ئاردمان بە ٤٥ هەزار دینار دەكڕی ئەو كات بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر هاوڵاتییان نەكات ئێمە لە فرۆشتنی نان بە نرخی خۆی بەردەوام بووین، ئێستاش خاوەن نانەواخانە هەیە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دینار قەرزی ئەو كاتەیە، بە نرخی ئاردی ئێستاش نە قازانجە نە زەرەرە". 

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" بەپێی ئەو بڕیارەی پارێزگاری هەولێر و قائیمقامی هەولێر جێبەجێدەكەن دەیانەوێت ئێمە پێشێلی یاسا بكەین، چونكە بەو نرخەی نان دەبێت ئێمە كرێكاری خۆمان دەربكەین و كرێكاری تر بهێنین بۆ شوێنەكانیان ئەمەش پێشێلی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییە كە نازانین بۆچی هێندە دژی كرێكاری خۆمان كار دەكەن و رقیان لێیان دەبێتەوە". 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا ئەوەش هاتووە" ئەمڕۆ ٦١٠ نانەواخانە كارمان نەكردووە واتا ١٨٣٠ كرێكار كاریان نەبووە، ئێمە دژی شاری خۆمان نین، دژی هیچ كەسێك نین، بەڵكو قرتقرتۆکمان (بینەقاقامان) گیراوە ناهێڵن كار بكەین". 

هەفتەی رابردوو حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی هەرێم) بڕیاریدا نرخی ١٠ نان و سەموون بکرێت بە هەزار دینار کە ئەوەش ناڕەزایەتی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکانی لێکەوتەوە.


AM:10:28:10/01/2024