سودانی: عێراق خوازیاری دەرچونی خێرای هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "عێراق خوازیاری دەرچونی خێرا و رێک و پێکی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە خاکەکەی لە رێگەی دانوستانەوە، بەڵام وادەی کۆتایی دیارینەکراوه‌".

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، محەمەد شیاع سودانی له‌ نوێترین چاوپێكه‌وتنیكدا رایگەیاند، "عێراق خوازیاری دەرچونی خێرا و ڕێک و پێکی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە خاکەکەی لە ڕێگەی دانوستانەوە، بەڵام وادەی کۆتایی دیارینەکردوه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌".

له‌وه‌ته‌ی شه‌ڕی نێوانی ئیسرائیل و حه‌ماس ده‌ستپێكردوه‌ ناوه‌ ناوه‌ هێرش ده‌كرێته‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ وه‌ڵامیشدا هێزه‌كانی ئه‌مریكا زنجیره‌یه‌ك هێرشی كردوه‌ته‌ سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سوریا، كه‌ هه‌ندێكیان به‌شێكن لە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق.

سودانی لە چاوپێکەوتنه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌كردوه‌، پێویستە ئەم پەیوەندییە رێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی ئامانج و پاساوێک نەبێت بۆ هیچ لایەنێک، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی و عێراق نه‌كرێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێكان.

له‌باره‌ی چۆنێتی ده‌رچونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناو خاكی عێراق، سودانی ده‌ڵێت، "دەرچونی ئەو هێزانە دەبێت لەڕێگەی دانوستانەوە بێت".

سەرەڕای داواکارییەکانی حکومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە، بەڵام گۆڤاری پۆڵیتیکۆ-ی ئەمریکی لەزاری بەرپرسانی وڵاتەکەی لەنێو وەزارەتی دەرەوە زانیاریی ئەوەی بڵاوکردوەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە نهێنی و تایبەت بە ئەمریکییەکانی وتووە، "دەیەوێت دانوستان بکات بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".

چەند ڕاوێژکارێکی سودانی کە قسەیان بۆ گۆڤارەکە کردووە دەڵێن، "ئەو خواستەی سودانی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ڕازیکردنی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی نەیاری ئەمریکایە، ئەگەر نا سودانی مەبەستیەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە".

هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا بۆ گۆڤارەکە باسیان لەوەکردووە، ئامادەن لەگەڵ عێراق گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لەعێراق بکەن.


PM:04:14:10/01/2024