رێباز حەملان: سودانی بەڵێنی داوە بە خێرایی پرسی هەمواری یاسای بودجە لە ئەنجومەنی عێراقەوە پەسەند بکرێت

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت ئاماژە بەوەدەکات کە سودانی بەڵێنی داوە بە خێرایی پرسی هەمواری یاسای بودجە لە ئەنجومەنی عێراقەوە پەسەند بکرێت و دەڵێت" عێراق بابەتی مووچە لە (ئینفاقی فیعلی) دەردەهێنێت و دەیخاتە بودجەی (حاکیمە)".

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێباز حەملان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و سوودانی بەڵێنی داوە کە بە خێرایی پرسی هەمواری یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بکرێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت".

رێباز حەملان، دەڵێت " عێراق بابەتی مووچە لە (ئینفاقی فیعلی) دەردەهێنێت و دەیخاتە بودجەی (حاکیمە) لەو بودجەیە ساڵانە ١٠ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە".

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند" ئەو گۆڕانکاریانە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق، لەلایەن دوو لیژنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن، هەموارە ئامادە دەکرێت و دەنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت، دواتر دەنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسند بکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە لە حاڵەتی دواخستنی پڕۆژەی هەمواری یاسایەکە، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای كردووە بۆ ئەم مانگە‌  سولفه‌یه‌ك له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت.



AM:09:57:14/01/2024