"هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست دەیان قەیرانەوە دەناڵێنن، بەرگەی قەیرانی تر ناگرن"

کۆمەڵی دادگەی کوردستان پەیامێکی لەبارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" هاوڵاتیانی هەرێم بە دەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنن، بەرگەی قەیرانی تر ناگرن"، داواش لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەکات ڕێگە نەدەن هەرێم ببێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی کێشە و ململانێی نێوان دەوڵەتان. 

کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" نیوەشەوی ڕابردوو بە مووشەک بۆردومانی چەند شوێنێک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەوروبەری کرا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئیرانەوە، بەداخەوە بۆردومانەکان قوربانی لێکەوتوەتەوە، ئەمە یەکەم جارنیە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر پەلاماری دەوڵەتانی دراوسێ، بێگومان ئەمە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە". 

ڕاشیگەیاندووە" ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری ئیدانەی هەر هێرش و پەلامارێک دەکەین کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بەدەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنن لە نەبوونی موچە و کەمی خزمەتگوزاری و بۆشایی یاسایی، بەرگەی قەیرانی تر ناگرن". 

کۆمەڵی دادگەری داواش لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات کە" هەڵوێستی پێویست بگرنەبەر و ڕێگەنەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی کێشە و ململانێی نێوان دەوڵەتان". 


PM:12:16:16/01/2024