وادەی گەیشتنی ٦١٨ ملیارەکە راگەیەندرا

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق لە ١٨ بۆ ٢٥ی هەموو مانگێك دەستدەکات بە پارەداركردنی وەزارەتەكان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی عێراق.

كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" وەزارەتی دارایی عێراق لە ١٨ بۆ ٢٥ی هەموو مانگێک دەستدەكات بە پارەداركردنی وەزارەتەكان و مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دابەشدەكرێت".

کاروان یاروەیس دەشڵیت" ئەگەر ئەو ٦١٨ ملیار دینارەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لێدراوە پارەداركردن بێت واتا (تەمویل) بێت، دەبێت لەگەڵ دابەشكردنی مووچە لە عێراق ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەبكرێت".

لە لایەکیترەوە بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی وەزیری دارایی، ئاوات جەناب نووری رایگەیاندووە"  لە دواین سەردانیان بۆ بەغداد لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتونەتە رێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لەپەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت".



PM:09:13:17/01/2024