عێراق بڕیاری خەرج كردنی دەرماڵەی بۆ خوێندكاران دا

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، "لەسەر بڕیاری سەرۆك وەزیران دەرماڵە دەدرێتە خوێندكاران تا كۆتایی تاقیكردنەوەكان و مانگی ٥ بەردەوام دەبێت”.

ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە، "سەرۆکی حکومەت لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی کار ڕێنمایی گرنگی دەرکرد سەبارەت بە دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی، لەنێویشیاندا دەرماڵەی خوێندكاران و هەروەها باشترکردنی ئەو ڕێکارانەی دەبێت وەزارەتی پەروەردە بیگرێتەبەر لە ڕێگەی ئەو بڕە پارانەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێویست بووە، کە ٢٠٠ ملیار دینار بووە”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو دەرماڵە بۆ ماوەی سێ مانگ (١٠، ١١ و ١٢) خەرج دەكرێت و بڕە پارەکە گەیشتووەتە نزیکەی ١٩٧ ملیار دینار و تیایدا یەک ملیۆن و ٨٥٠ هەزار خوێندکار دەگرێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، "پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا تا کۆتایی تاقیکردنەوەکان، کە کۆتایی مانگی ٥ دەبێت، وەک ئەوەی خەرج کراوە، بۆ ساڵی خوێندنی بەردەوام بێت لە خەرجکردنی یارمەتیی (دەرماڵەی) خوێندکاران”.



PM:09:46:18/01/2024