پەروەردەی هەرێم لەسەر هێرشەکەی هەولێر داوایەک لە بەڕێوەبەری خوێندنگەکان دەکات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە بەرێوەبەری خوێندنگەکان دەکات سبەینێ سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر بکەن.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی تاوانی هێرشکردنە سەر هەولێری پایتەخت لە لایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدانی ئەو تاوانە و بریندارەکانی، لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی وەزارەتی پەروەردە، خولەکێک راوەستان لەگەڵ سروودی ئەی رەقیب بەر لە دەستپێکردنی وانەی یەکەم ئەنجام بدرێت".

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا پەروەردەی هەرێم داوایشیکردووە، بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن وتارێک پێشکەش بکەن لەبارەی ئەو ستەم و تاوانە کە هیچ بیانوویەکی نەبووە و نییە، هەروەها جەخت لە گەیاندنی پەیامی خۆراگری و ئیرادە بەرزی کوردستانیان و ئاشتیخوازی بکەنەوە.

درەنگانی شەوی دووشەممەی ڕابردوو لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە چەندین موشەکی بالیستی هێرشکرایە سەر هەولێر و به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و شه‌ش كه‌سیش برینداربوون.


PM:04:37:20/01/2024