مامۆستایانی ناڕازی: سبەی یەک شەممە لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا خۆپیشاندانە

ئەمشەو مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایانگەیاند " بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکان و لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاواوە دەستبەخۆپیشاندان دەکەنەوە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە ئەمشەو ٢٠ کانوونی دووەم هێزە ئەمنییەکان رێگریان کرد، سێ مامۆستا لە سلێمانی کۆنگرەیەکیان سازکردو، جەختیان لەسەر بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندان کردەوەو، داوایان لە توێژەکانی تری کۆمەڵگا کرد بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن.

کۆنگرەی رۆژنامەگەری ئەمشەوی رۆژنامەنووسان وەک کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکانی پێشوویان نەبوو کە قەرەباڵغیەکی زۆری پێوەبوو، هەروەها ژمارەی میدیا ئامادەبووەکانیش کەمتر بوو لە رۆژانی پێشوو، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان رێگربوون لە سازدانی.

ئەمرۆ شەممە هێزەکانی ئاسایش لە سلێمانی ١٢ مامۆستای ناڕازیان راگرت و ئێوارەی ئەمڕۆ ئازادیان کردن، وتەبێژی ئاسایشی هەرێم عەقید سەلام رایگەیاند " لەسەر داوای بەرپرسانی پەروەردە ژمارەیەك لەو مامۆستایانە دەوامیان نەكردووە و بانگهێشتی ئاسایش كرابوون و هیچ كێشەیەكیان نەبووە و تەنها گفتوگۆیان لەگەڵدا كراوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایش هەرێم وتیشی " لە ئێستادا ئەو مامۆستایانەی ئەمڕۆ بانگهێشتی ئاسایش كرابوون، هەموویان گەڕانەوە ماڵی خۆیان كە ژمارەیان نزیكەی ١٢ مامۆستا بووە".

ماوەی سێ مانگ زیاترە زۆرینەی مامۆستایانی ناڕازی بایکۆتی دەوامیان کردووەو ناوبەناو خۆپیشان دەکەن و خوێندن لەسەر لێواری پەککەوتنە. 





PM:10:33:20/01/2024