وەزیری پەروەردە: درک بە دۆخی مامۆستایان دەکەین

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند" درک بە دۆخی مامۆستایان دەکەین". و ئاماژە بەوەشدەکات کە میکانیزمێك بۆ بەشداریکردنی خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە تاقیکردنەوەی وەزاری دادەنێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە دەستپێکی وەرزی دووەمی خوێندن لە هەولێر قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند" درك بە دۆخی مامۆستایان دەکەین و سوپاسی خۆڕاگرییان دەکەین".

ئالان حەمە سەعید ئەوەشی خستەڕوو کە دەوام لە ٧٥٠ ناوەندی خوێندنی ناوچەکانی بایکۆت دەستیپێکردووەتەوە و وتیشی" ئومێدەوارین پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە بە تەواوی بکەوێتەوە سەر رێچکەی خۆی، چونکە چارەنووسی پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە گرنگە".

وەزیری پەروردە سەبارەت بە قوتابیانی پۆلی ١٢ ڕایگەیاند" لە ئەنجومەنی وەزارەت میکانیزمێک تاوتوێ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بتوانین قەرەبووی ئەو قوتابیانە بکەینەوە، هەم لەڕووی کات و هەم بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەزاری".

لێدوانەکەی وەزیری پەروەردە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بایکۆت لە  لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامە و هەر ئەمڕۆ لە شارەکانی سلێمانی و کەلار و هەڵەبجە و کۆیە مامۆستایانی ناڕازی خۆپشاندانیان ئەنجامدا و جەخت دەکەنەوە لەوەی تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بایکۆت ناشکێنن، دوێنێش ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک راگیران و دواتر ئازاد کران.



AM:11:47:21/01/2024