"زیاتر له‌ ٢٣٠ ملیۆن لیتر نه‌وت به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شكراوە"

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هەرێم" تائێستا ٨٩%ی خێزانه‌كانی هه‌رێم به‌رمیلێك نه‌وتییان بەسەردا دابەشکراوە". 

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تا ئێستا لەسەدا (٨٩)ی خێزانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتیان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ نرخی (١٠٥) هه‌زار دینار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك پێدراوه‌، حكومه‌تی عێراقیش (١٥) ملیۆن لیتری ره‌وانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ (٦٠) هه‌زار دینار ده‌درێته‌ هاوڵاتیان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومه‌تی هه‌رێم تا ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە زیاتر له‌ (٢٣٠) ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شكردووە. 

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا زیاتر له‌ ملیۆنێك و ١٥٠ هه‌زار خێزان له‌ وه‌رگرتنی نه‌وتی سپی حكومه‌تی هه‌رێم سودمه‌ند بوون كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی زیاتر له‌ (٨٩%)ی كۆی ژماره‌ی خێزانه‌كانی هه‌رێم. 

سامانه‌ سروشتیه‌كانی هەرێم ئه‌وه‌شی رونكردووەته‌وه‌، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق تا رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە نزیكه‌ی (١٥) ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستانی ناردووه‌ کە بۆ پارێزگای 
هه‌ولێر نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن لیتر، سلێمانی زیاتر له‌ دوو ملیۆن لیتر و دهۆك زیاتر له‌ پێنج ملیۆن لیتر تەرخانکراوە. 


PM:08:01:21/01/2024