کچە خوێندکارێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژرا

کچە خوێندکارێکی لاوی خەڵکی شاری کۆیەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناوچەی نیزامابادی شاری بروجێرد تەقەیان لە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک کردووە و بەم هۆیەشەوە کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی ئاناهیتا ئەمیرپوور، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی ئازادی بروجێرد گیانی لەدەستداوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێکی دیکەش بە ناوی م. جەلاییفەری خەڵکی شاری بروجێرد شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و خۆشی خوێندکارە، بە سەختی بریندار بووە. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" دوای ئەوەی هێزەکانی ئێران هێرشیانکردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو خوێندکارە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان بوەستێنن و دایانبەزێنن، بەهۆی ئەوەی کە ئەو کەسانە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە، شۆفێرەکەش ترساوە و ویستوویەتی هەڵبێت، کەچی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستڕێژی گولـلەیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو لاوە". 

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" ناوەندە ئەمنییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵە و هاوڕێیەکانی ئەم دوو خوێندکارە کە نابێت لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەک بڵاوبکەنەوە، هەر لەو پەیوەندییەدا دوێنێ یەکشەممە، دوو فەرمانبەری نەخۆشخانەی شەهید چەمرانی بروجێرد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کران و هەڕەشەیان لێکراوە". 


AM:09:15:22/01/2024