هێزەکانی زێرەڤانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە


هێزەکانی زێرەڤانی ئەو دۆکۆمێنتە بە ساختە دەزانن کە بڵاوکراوەتەوەو گوایە فەرمان بە هێزەکانیان کراوە رووبەڕووی گەریلاکانی پەکەکە ببنەوە.
لەو راگەیاندنەدا کە ئەمشەو ٢٢ ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە، هێزەکان زێرەڤانی دەڵێن" ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵ و نووسراوێكی هەڵبەستراو و دوور لە راستی بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە فەرمان بە هێزەكانی سەر بە فەرماندەییمان كرابێت رووبەڕووی چەكدارانی پەكەكە ببنەوە".
 
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە '' لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیێنین كە ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە".
 
‏‎لە درێژەی روونکردنەوەکەدا هاتووە "وەک فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، پێمان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ساختە لە كات و ساتی ئێستادا درێژكراوەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەیە كە چەند رۆژێكە لەدوای مووشەكبارانكردنی شاری هەولێر لەلایەن ناحەزانەوە دەستی پێ كردووە".
 



PM:11:58:22/01/2024