سلێمانی.. سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەستگیركران

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت" سێ‌ تۆمەتبار دەستگیركران كە بازرگانییان بە جەستەی مرۆڤەوە كردووە". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەدا رایگەیاند" دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست هێزەكانی پۆلیس كە سێ‌ تۆمەتبار بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەكەن، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن".

ئەوەش هاتووە" لە ئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران (ت، م، ج) و (م، ب، ك) و (س، ك، ش) لە نەتەوەی عەرەب، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دووی یاسای نەهێشتنی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".


AM:10:28:31/01/2024