هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوامە، ٣٦ پێگەی گروپە چەکدارەکان لە یەمەن بۆردوومان کران

ئەمریکا و بەریتانیا بە پاڵپشتی شەش وڵات هێرشیان کردە سەر ٣٦ ئامانجی گروپە چەکدارەکان لە یەمەن.

درەنگانی شەوی رابردوو ئەمریکا و بەریتانیا بە پشتیوانی ئوسترالیا، بەحرەین، دانیمارک، کەنەدا، هۆڵەندا و نیوزلەندا، هێرشیان کردە سەر پێگەکانی گروپە چەکدارەکان لە یەمەن. بەگوێرەی بەیاننامەی هاوبەشی ئەو وڵاتانە، ئەم هێرشانە لە بەرامبەر ٣٦ ئامانجی گروپە چەکدارەکان لە ١٣ شوێن لە کاردانەوە بە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانی دەریای سوور ئەنجامدراون.

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند" ئەو پێگانەی کە بۆردوومان کراون بارەگای سەربازیبوون لە ژێرزەویدا کە چەندین جۆر لە موشەک و چەکی جیاوازیان تێدا هەڵگیراوە و ئەم هێرشانەمان پەیامێکبووە و ئاراستەی گروپەچەکدارەکانی یەمەن کراوە کە ئەگەر نەوەستن لە هێرشەکانیان لە درێژەدان بە بۆردوومانەکانمان وەڵامی توندترمان دەبێت".

لە بەرامبەردا محەمەد بەخیتی، یەکێک لە ئەندامانی باڵای ئەنجوومەنی سیاسی گروپە چەکدارەکان لە وەڵامی هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر پێگەکانی ئەم گرووپە، ڕایگەیاندووە" بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان تا گەمارۆی غەزە هەڵدەگیرێت"، ناوبراو هەڕەشەی کرد کە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە یەمەن دەدەنەوە.




AM:10:20:04/02/2024