پەروەردە لە بارەی گیان لەدەستدانی خوێندکارەکەوە زانیاری نەبیستراو رادەگەیەنێت

پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی رایدەگەیەنێت مردنی ئەو منداڵەی پۆلی ١٢ ی قوتابخانەیەکی ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، بە گازی زۆپا نەمردووە.

لە راگەیاندنێکدا کە دوانیوەڕۆی یەک شەممە بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی دەڵێت" بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری دەرکەوت کە کۆچی دوایی قوتابی لەوەند کاروان، لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەی چەقڵاوای سنووری پەروەردەکەمان بەهۆی غازی سۆپاوە نەبووە".

لەو راگەیاندنەدا کە بۆ رای گشتی بڵاوکراوەتەوە، پەروەردەی رۆژهەلآت دەڵێت" بەڵکوو هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەو منداڵە نەخۆشی بووە." 

راشیدەگەیەنن "هیچ قوتابییەک لە سنووری پەروەردەکەمان تووشی تەنگەنەفەسی نەبوون و نەبراون بۆ نەخۆشخانە."

ئەوە لە کاتێکدایە کە میدیاکان لەبەر رۆشنایی لێدوانی بەرپرسانی پەیوەندیدار بڵاویانکردەوە کە ئەو خوێندکارە بەهۆی گازی سۆپاوە گیانی لە دەستداوە.

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند" بەهۆی گازی سۆپاوە قوتابییەک لە قوتابخانەی گوندی چەقڵاوا گیانی لەدەستداوە و ٧-٨ قوتابیی دیکەش تەنگەنەفەس بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون".
 





PM:05:04:04/02/2024