بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شووباتی ٢٠٢٤ لە روداوێکى سەختى هاتوچۆدا لەسەر رێگاى (دەربەندیخان – گوندى سیارە) هەشت کەس بونە قوربانی.
پشتیوان عابد جێگری بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" کەمێک پێش ئێستا ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەسەر ڕێگەی (دەربەندیخان - زەڕایەن) نزیک گوندی بیرکێ لە نێوان پیک ئەپێک و بارهەڵگرێکدا رویداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە دوو سەرنشینى پیک ئەپەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە
بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەى نەخۆشخانەى دەربەندیخان کراون و لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان پێکردووە.