ئێران: هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق بەدەر نییە

وتەبێژی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ وتی" کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان".

ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٤ وتەبێژی دەرەوەی ئێران ناسرکەنعانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئێران و عێراق پەیوەندییەکی پتەویان هەیە و هیچ بەربەستێک لەبەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان نییە، و هەرێمی کوردستانیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەدەر نییە و پەیوەندییەکی باشی بازرگانی و ئابووریمان لەگەڵیاندا هەیە".

ناسر کەنعانی وتیشی" بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وایکردووە بە سەر بەشێک لە ناکۆکییەکاندا زاڵ بین و زەمینەیەکی باشتر بۆ پەیوەندییەکان بڕەخسێنین، ئەمەش جێگەی گەشبینییە، کە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران لە فراوان بوونە".

وتەبێژەکەی دەرەوەی ئێران لەبارەی سەردانی، راوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ بەغدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەردانەکە لە چوارچیوەی هەماهەنگییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتە، گفتووگۆکانیش پەیوەستن بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوکاریی و هەماهەنگی ئەمنی لە پێناو زامنکردنی ئاشتیی و سەقامیگیری ناوچەکە.

هەروەها سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە وتی" ئامریکا لە رێگەی چەند ناوەندێکەوە پەیامیان ناردووە و ئەگەر پێویست بکات ئێمەش لەم رێگەیەوە وەڵامیان ئەدەینەوە و ئیتر پێویستی بە پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا نییە".



PM:03:13:05/02/2024