سودانی: كاری تاكلایەنەی هەر وڵاتێك ڕەتدەكەینەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند" حكومەتی عێراق لەسەر حسابی سەروەری و ئاسایشی وڵات مجامەلەی كەس ناكات و وتیشی" كاری تاكلایەنەی هەر وڵاتێك ڕەتدەكەینەوە''.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران  ئێران ڕایگەیاندووە" ئێمە هەر کارێکی تاکلایەنە ڕەتدەکەینەوە، کە لەلایەن هەر وڵاتێکەوە ئەنجام بدرێت، کە پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکان بێت لەسەر ڕێزگرتنی یەکتر بۆ سەروەری".

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سودانی ڕاشیگەیاندووە" حکومەتی عێراق سوورە لەسەر پاراستنی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و دامەزراندنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان".

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت" حكومەتی عێراق لەسەر حسابی سەروەری و ئاسایشی وڵات مجامەلەی كەس ناكات" و جەختیشی كردۆتەوە، عێراق هەوڵی زۆری داوە و بەردەوامیشە بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەیشتن بە ئارامی.


PM:07:40:05/02/2024