جەبار یاوەر: تورکیا دەیەوێت شەڕی پەکەکە بە هێزی پێشمەرگە ئەنجام بدات

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەکات کە تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدات و دەڵێت" دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزەراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە".

فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن''.

جەبار یاوەر دەڵێت" هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە. ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزەراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و زەمینی تا ئێستا نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن''.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند" مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانە، وە بۆردومانی سنوور و قوڵایی هەرێم دەکات، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانی".

ئەمە لە کاتێکدایە کە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشەوا هەورامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ تورکیا سنوورێکی درێژی هاوبەشمان هەیە و خاڵی هاوبەشمان هەیە ، واتە ئەمنیەتی هاوبەشمان هەیە بۆیە ئاساییە، پەیوەندی و هەماهەنگیمان هەبێت، و وتیشی" بابەتی شەڕ لەگەڵ پەکەکە ڕاست نییە!" 

هەر لەم پەیوەندییەدا بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،لە لێدوانێکی رۆژانەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا ڕاگەیاند" ئێمە لەگەڵ ئەو حزبانە پەیوەندیمان هەیە کە فەرمین و غەیری ئەوە پەیوەندیمان نییە. سیاسەتی و نەهجی یەکێتی ئەوەیە هاوکاری پارچەکانی تر دەبین لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسی تا بە ئامانجەکانی خۆیان دەگەن، وە لەگەڵ ئەوەداین پرسی نەتەوەکەمان بە ئاشتیانە چارەسەر ببێت، وە نەمان شاردۆتەوە لە هەموو خیتابێکدا ئەمەمان وتووە کە پشتگیری خەباتی سیاسی پارچەکانی ترین، بەڵام ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت ئەوەیە کە کۆمەڵیک تۆمەت دەخرێتە پاڵ یەکێتی".

" لایەنەکان نابێت ببنە لایەنێکی هاوکار بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە هەرێم دەکرێت، یان نەبنە بەشێک لە پێدانی زانیاری بە دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیا یان نەبنە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد دورست ببێت."( ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتی).

ڕۆژی سێشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک سوپاسالاری تورکیا سەردانی عێراقیان کرد، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا، سێشەممە شەوەکەی شاندە سەربازیەکە گەیشتە هەرێمی کوردستان و ڕۆژی چوارشەممەش لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە.



PM:07:11:07/02/2024