سودانی: پاساوی ئێران بۆ هێرشەکانی سەر هەولێر رەتکراوەن

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر شاری هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە کە پاساوی ئێران بۆ هێرشەکانی رەتکراوەیە و دەڵێت" ناکرێت هیچ وڵاتێک رەفتار و وەڵامدانەوەی تاکلایەنانە بکات".

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی هێرشەکانی ئێران  لە ١٥ی مانگی رابردوو بۆسەر هەولێر لە چاوپیکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە رایگەیاند" لەلایەن وڵاتانی دراوسێەوە هێرش کراوەتە سەر عێراق و بە پاساو بووە، پاساوەکە هەرچییەک بێت، رەتکراوەیە چونکە ئەوەی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاسا لەنێو خاکی عێراق، حکومەتی عێراقە".

سودانی ئەوەشی خستەڕوو" بەپێی دەستوور و یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان وایە، ناکرێت هیچ وڵاتێک رەفتار و وەڵامدانەوەی تاکلایەنانە بکات، ئەمە رەتکراوەیە، ناکرێت سازش لەسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق لەگەڵ هەر لایەنێک بکەین پەیوەندییەکانمان هەرچۆنێک بێت لەگەڵیدا، ئەمە بەهاکانمانن".
 
سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند" بە راوێژکاری ئاسایشی ئەمنی ئێرانمان راگەیاند و روونکردەوە کە پەیوەندیی مێژوویمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام ئەوە پاساو نادات بۆ ئەو دەستدرێژییەی کرا، ئەگەر مەترسی و تێبینی ئەمنی هەبێت لەرێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە دەکرێت، لێژنەی ئەمنیی هاوبەشمان هەیە و باسی ئەو پرسانە دەکەن".

رۆژی دووشەممە ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا پێشڕەو دزەیی و کچە تەمەن ١١مانگەکەی، هاوڕێیەکی بازرگانی لەگەڵ دایەنی کچەکەی گیانیان لەدەستدا و ١٦ کەسی سڤیلی دیکەش بریندار بوون.



AM:11:03:08/02/2024