ئەوکانتی فەیسبوک و ئینستەگرامی رێبەری ئێران بلۆک دەکرێت

ئەکاونتی فەیسبوک و ئینستەگرامی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن کۆمپانیای مێتا بلۆک کرا، هەژماری فارسی خامنەیی لە ئینستاگرام زیاتر لە پێنج ملیۆن فۆڵۆوەری هەبوو. تا ئێستا مێتا بە فەرمی هۆکاری بلۆککردنی ئەو ئەکاونتانەی ڕوون نەکردۆتەوە.

بەڵام ئاژانسی( میدل ئیست ئای) بە پشتبەستن بە وتەبێژی مێتا هۆکاری داخستنی ئەکاونتەکانی خامنەیی بە پێشێلکردنی ڕێساکانی پەیوەست بە بەرەوپێشبردنی "ڕێکخراو و کەسانی مەترسیدار" وەسف کرد.

لە سیاسەتەکانی کۆمپانیای مێتادا" شکۆمەندکردن، پشتگیریکردن یان نوێنەرایەتیکردنی کەس و ڕێکخراوە مەترسیدارەکان" و هاندانی توندوتیژی لەو شتانەن کە بە پێشێلکردنی سیاسەت دادەنرێت و بەکارهێنەران قەدەغەکراون.

بەشێک لە شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی شیکارییان کردووە کە ئەو پۆستانەی لە پەیجەکانیدا بۆ پشتیوانی لە حەماس و حوسییەکان هۆکاری داخستنی ئەکاونتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامین. 

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئێران چەندین جار بەرگرییان لە هەڵوێستی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە دژی ئیسرائیل کردووە و خوازیاری دوورخستنەوەی حکوومەتی ئیسرائیل بوون.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەکاونتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بلۆک بکرێت، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٨دا، پەیجی عەرەبی پەیجی فەیسبووکی عەلی خامنەیی کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، بە هۆی پێشێلکردنی ڕێساکانی مێتا بلۆک کرابوو.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ میدیاکانی فارسی بڵاویان کردووەتەوە کە ئەوکانتی تایبەتی خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئیکس)یش بلۆکە کراوە.



PM:06:07:09/02/2024