لە ئێران هونەرمەندێکی کورد دەستگیردەکرێت

بابەک محەممەدی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە "ژێر گوشاری ئەو ناوەندە ناچار بە خوێندنەوەی نوسراوێک لە بەرانبەر کامێرا کراوە". 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بابەک محەممەدی هونەرمەندی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، لەلایەن هێزەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە.

هەنگاو دەشڵێت" بەپێی ڤیدیۆیەک کە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەو گۆرانیبێژە تۆماریانکردووە، ناوبراو ناچار کراوە کە لە بەرانبەر کامێرا لەو ناوەندە ئەمنییە داوای لێبوردن بکات". 

ڕاشیگەیاندووە" بابەک محەممەدی پێشتر لە ڕێوڕەسمێکدا گۆرانییەکی فۆلکلۆری وتووە کە لە بەشێک لەو گۆرانییەدا سوپای پاسدارانی بە قوربانی کچێک کردبوو، لەو ڤیدیۆیەدا کە بە گوشاری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران تۆمارکراوە، ئاسەواری لێدان و کوتان لەسەر دەموچاو و جووڵەکانی بابەک محەممەدی دەبیندرێت".


PM:01:28:14/02/2024