دهۆک .. هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتایەک دەدرێت لەناو منداڵاندا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک هۆشداری دەدات لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لەناو منداڵاندا کە ئازاری سنگ و هەناسەتوندی لەگەڵدایە.


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، نزار بەکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان ئاشکرای دەکات کە ڤایرۆسێک بەتایبەتی لەناو منداڵانی یەک ساڵ و دوو ساڵدا بڵاوبۆتەوە کە هەندێک جار دەبێتە هۆی ئازاری سنگ و هەناسەتوندی و منداڵەکە پێویستی بە گەیاندن بە نەخۆشخانە دەبێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان، لە درێژەی لێدوانەکەیەدا دەڵێت" سەرەتای ئەمساڵ و لە مانگی رابردوودا رێژەی نەخۆشکەوتنی منداڵان و هێشتنەوەیان لە نەخۆشخانە دوو هێندە و سێ هێندە زیادیکردووە، بە جۆرێک ٢٠٠ جێگا لە نەخۆشخانەی هێڤیدا هەیە و زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لە نەخۆشخانەن".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی ئەو منداڵانەی نەخۆشن تەمەنیان لەنێوان ساڵ بۆ دوو ساڵدایە.

لەبارەی رێگاکانی خۆپاراستنەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە، کە گرنگترین رێگاکانی خۆپاراستن شیردانی سروشتییە بە منداڵ کە بەرگری جەستەیان بەهێز دەکات.

PM:03:05:14/02/2024