سامانە سروشتییەکان دواین ئاماری دابەشکردنی نەوتی لە هەرێم بڵاوکردەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دواین ئاماری دابەشکردنی نەوتی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا بڵاوکردەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تا دوێنێ نزیکەی (٢٥٠) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییانی هەرێمدا دابەشکراوە کە لە هەولێر، نزیکەی (٩٦) ملیۆن لیتر، سلێمانی و هەڵەبجە، نزیکەی (١٠٢) ملیۆن لیتر، دهۆک، نزیکەی (٥٢) ملیۆن لیتر دابەشکراوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، تا رۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە عێراق نزیکەی (٣٣) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم ناردووە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا دابەشکراوە، هەولێر، زیاتر لە (١٤) ملیۆن لیتر، سلێمانی و هەڵەبجە، نزیکەی (١١) ملیۆن لیتر، دهۆک، نزیکەی هەشت ملیۆن لیتر، تا ئێستا زیاتر لە (٢٢٠) هەزار خێزان لە وەرگرتنی ئەو نەوتە سوودمەند بوون.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، لە هەولێر زیاتر لە (٩٤) هەزار خێزان، سلێمانی و هەڵەبجە، نزیکەی (٥٠) هەزار خێزان، دهۆک، زیاتر لە (٧٦) هەزار خێزان، لەو نەوتەی حکومەتی عێراق سوودمەندبوون.


PM:04:38:15/02/2024