دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دەستپێدەکات

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لەم هەفتەیەدا مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی (١١)ی ساڵی ڕابردوو دابەشدەکرێت". 

کارۆخ عەبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو دابەشدەکرێت و لە پەروەردەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، لە نێوان (٢٥٠ - ٣٥٠)هەزار دیناریان بۆ خەرجدەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش (٢٥٠ - ٤٠٠) هەزار دینار خەرجدەکرێت.

ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە هەریەک لە پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان و کۆیە)، بەهۆی دابەشنەکردن و پێنەدانی مووچەکانیان مامۆستایانی نارازی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە. 


PM:09:01:18/02/2024