لە قەزای چەمچەماڵ روفاتی (١٧٢) ئەنفالکراو بەخاکدەسپێردرێن

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ لە مەراسیمێکدا روفاتی (١٧٢) ئەنفالکراو لە قەزای چەمچەماڵ بە خاکبسپێردرێن. 

پاش ئەوەی چوار ساڵ و شەش مانگ پێش ئێستا ڕوفاتی (١٧٢) ئەنفالکراوى کورد لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی باشورى عێراق دۆزرانەوە، ئەمڕۆ روفاتەکان گەڕێنرانەوە قەزای چەمچەماڵ و بڕیارە لە مۆنۆمێنتى ئەنفال ئەسپەردەی خاک بکرێن. 

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستکراوە بە پشکنینی دی ئێن ئەی بۆناسینەوەی ئەو ڕوفاتانە کە (٣٦) روفاتیان ناسنامەیان پێبووە و ناسراونەتەوە.

ئەنفالی گەلی کورد لە ساڵی (١٩٨٨) بە هەشت قۆنا‌غ لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا کە لە قۆناغی یەكەمی ئەنفالدا لە ١٨ی شوباتی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و ماوەی مانگێكی خایاند و دۆڵی جافایەتی، دوكان، چوارتا، قەڵاچوالان و سورداشی گرتەوە، قۆناغی دووەمیش لە ٢٢ی ئاداری ١٩٨٨ دەستیپێكرد و ماوەی ١٠ رۆژی خایاند، سنووری پەلامارەكە ناوچەكانی قەرەداغ، سەنگاو، بازیان، عەربەت، نەسر و دەربەندیخانی گرتەوە.

قۆناغی سێیەمیش سنووری ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، ئەم قۆناغە لە ٧ی نیسانی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و و لە ٢٠ی نیسانی ھەمان ساڵ كۆتایی پێهات، چەمچەماڵ، سەنگاو، كفری، كەلار، قادر كەرەم، دوز و لەیلانی گرتەوە.

لە قۆناغی چوارەمی ئەنفال كە لە ٣ی ئایار ١٩٨٨ تا ٨ی ئایاری ھەمان ساڵ بەردەوام بوو، كەركووك، پردێ، تەقتەق، شوان، تەكیە، كۆیە، شێخ بزێنی، ئاغجەلەر و دەشتی هەولێری گرتەوە.

دواتر قۆناغەكانی ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت لە ١٥ی ئایاری ١٩٨٨ دەستیپێكرد و لە ٢٦ی ئابی ١٩٨٨ كۆتایی پێهات كە ناوچەكانی دۆڵی خۆشناوەتی، رواندز، سۆران، وەرتێ، خانەقا، چۆمان، رانیە، قەڵادزێ و بناری قەندیلی گرتەوە.

لە دوا قۆناغیشدا واتە قۆناغی هەشتەم  لە ٢٦ی ئابی ١٩٨٨دەستیپێكردووە و ١١ رۆژی خایاند كە بادینانی گرتەوە لە  سنووری دھۆك، ئامێدی، ئەتروش، زاخۆ و كانی ماسی.


AM:09:41:21/02/2024