سودانی لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی شارەکە و لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ی  شوباتی ٢٠٢٤، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی شارەکە. هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی  لەیەكێتی و رێبەر ئەحمەد و شاخەوان عەبدوڵا لە پارتی بەشدار بوون.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، نووسینگەی راگەیاندنی سودانی ئاماژەی بەوەکردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە دۆخی تایبەتی کەرکووک کردووە و جەختی لەکاری پێکەوەیی و سەقامگیری پارێزگاکە کردووەتەوە و داوای لە هەموو لایەنەکانیش کرد هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ گەشەپێدانی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری کەرکووک.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنە بەشداربووەکان بە لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن.

یەکەم: بەهۆی گرنگی پارێزگای کەرکووک لە عێراقی بچووکە، هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی رۆڵەکانی کەرکووک و پاراستنی پێکەوەژیان و بەرزکردنەوەی گیانی برایەتی و هاوکاری لەنێوانیان لەژێر سایەی دەستوور.

دووەم: رێککەوتن لەسەر بنەمای هاوبەشیکردن و سازان و رەتکردنەوەی وەلانانی یەکتر وەک بنەمای کاری هاوبەش لە پارێزگای کەرکووک.

سێیەم: رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە سەرجەم هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەخۆبگرێت و ببێتە چەتری سیاسیی و کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانییەتەش بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت تاوەکو ئیستحقاقە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی جێبەجێ دەکرێت و رێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمی و پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانییەکە دەکرێت.

چوارەم: ئامادەکردنی بەرنامەی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی لە کەرکووک کە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک کە پێکدەهێندرێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی پارێزگاکەوە پەسەندبکرێت.

پێنجەم: پێشکەشکردنی کارنامەی لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا، کە تێیدا دیدگای خۆیان لەبارەی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پارێزگاکە لەخۆبگرێت لەگەڵ میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١٦ ئەندام پێکدێت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، یەکێتی پێنج ئەندام و پارتی دوو ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەی بەدەستهێنا.
 



PM:11:53:21/02/2024