قاسم ئەعرەجی: هه‌وڵده‌درێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی ناكۆكییه‌كان

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای کردووە کە هه‌وڵده‌درێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی ناكۆكییه‌كان و دەلێت" كۆتاییهاتن و گۆڕینی ئه‌ركی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق، به‌ واتای دابڕاندنمان نییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی".

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌" قاسم ئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، له میانه‌ی‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی كریستۆڤه‌ر كۆنز و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاندووە هه‌ڵوێستی وڵاتانی دۆست له‌ یارمه‌تیدانمان بۆ رووبه‌ڕووبنه‌وه‌ی داعش به‌رزده‌نرخێنین".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە كۆتاییهاتن و گۆڕینی ئه‌ركی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق، به‌ واتای دابڕاندنمان نییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.

قاسم ئەعرەجی راشیگەیاندووە" عێراق پێویستی به‌ له‌ناوبردنی سه‌ركرده‌كانی داعش هه‌یه‌، تاكو به‌یه‌كجاره‌كی كۆتایی به‌و گرووپه‌ بێت".

وتیشی" هه‌وڵده‌درێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی ناكۆكییه‌كان، و عێراق هه‌وڵی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمان و ئه‌مه‌ریكا ده‌دات".

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وتویەتی" خواستی عێراقه‌ كه‌ هیچ ده‌ستدرێژییه‌ك و هێرشێك له‌ وڵاتانی دراوسێ نه‌كرێته‌سه‌ری، و ئامانجی عێراق پێكهاتووه‌ له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ هه‌موو لا، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی".

ئه‌عره‌جی ئاشكراشیكرد، به‌غدا له‌هه‌وڵی به‌هێزكردنی هاوبه‌شییه‌كانه‌‌ له‌گه‌ڵ واشنتن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری بۆسه‌ر سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ ده‌بێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا هیواخوازین په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ئاسایی بێته‌وه‌، چونكه‌ فراوان بوونی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سدا نییە.



PM:11:24:23/02/2024