کورد لە کۆی (١٢) کورسییەکەی ورمێ (٧) کورسی پەرلەمانی ئێرانی بەدەستهێنا

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، کورد لە کۆی (١٢) کورسی لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانی (٧) کورسی پەرلەمانی ئێران مسۆگەر بکات. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی هەڵبژاردنی پارێزگای ورمێ کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردووەتەوە، عومەر عەلیپور کە کاندیدێکی کوردە لە بازنەی هەڵبژاردنەکانی ماکۆدا توانی زۆرترین دەنگی شارەکە مسۆگەر بکات کە (٤١) هەزار دەنگە. 

هەروەها لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حاکم مەمەکان و شەهێن جەهانگیری کە کوردن تونیان سەرکەوتووبن بۆ پەرلەمانی ئێران. 

سەلمان زاکریش کە ئازەرییە، دەنگی پێویستی بۆ پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستهێناوە، هەروەها لە بازنەی هەڵبژاردنی شارەکانی شنۆ و نەغەدەش عەبدولکەریم حوسێنزادە دەنگی پێویستی بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەستهێناوە. 

کاتژمێر (١٢:٠٠) شەوی ڕابردوو پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شورا و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران کۆتایی هات و بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی رێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدام (٤١٪) بووە.


PM:04:11:02/03/2024