ئێران.. لەماوەی یەک مانگدا ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی روویداوە

بە پێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو لەماوەی یەک مانگدا ( کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) چەندین پێشێڵکاری بەرامبەر بە مافی ژنان لە ئێران روویداوە کە بریتین لە : لەسێدارەدان ، دەستبەسەرکردن، کوشتن. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستووتەڕوو'' کە لەماوەی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دا لانیکەم کەم سزای سێدارەی ١ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە ٩ چالاکی ژن دەستبەسەرکراون و ٩ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە".

هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە کە لەماوەی ئەو مانگەدا( کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) لانی کەم ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و دەڵێت"  کوژرانی ١٦ کەس لەو ژنانە لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە وەک هاوژین، باوک، کوڕ و براکەیانەوە بووە".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ٩ ژن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە، ٧ ژن لەلایەن براکەیان، ٢ ژن لەلایەن کەسانی نزیکی بنەماڵەی خۆیان و ٤ ژنیش لەلایەن کەسانی دیکەوە کوژراون، و لانی کەم ٤ حاڵەت واتا ٢٠٪ی ئەو ژنانەی بە پاساوی ئەوەی کە پێی دەوترێت "پاراستنی نامووس" کوژراون.

ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێران تۆمارکراوە کە بەشێکی زۆر لەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە.



PM:05:46:04/03/2024