پەرلەمانتارێک بەهۆی بەشەخۆراکی مانگانەوە دەستگیر کرا

پەرلەمانتارێکی عێراقی سزای ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی تایبەت بە بەشەخۆراکی مانگانە.

ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەنەد ڕایگەیاند، پەرلەمانتار هادی سەلامی  بە ٦ مانگ زیندانی سزادراوە.

مستەفا جەبار سەنەد، لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندووە" پەرلەمانتار هادی سەلامی سزای ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی داوایەکی یاسایی بە تۆمەتی ناوزڕاندن کە پەیوەندی بە سەبەتەی خۆراکەوە هەبووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر هادی سەلامی لە ڕاگەیاندن و لێدوانە تەلەفزیۆنییەکاندا دەرکەوتبوو کە باسی گومانی گەندەڵی و خراپی کەرەستەی سەبەتەی خۆراکی دەکرد، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووی ٢٠٢٣، بەڵام وەزارەتی بازرگانی وەڵامی لێدوانەکانی پەرلەمانتار (هادی سەلامی) دایەوە سەبارەت بە ماددە خۆراکییەکانی تایبەت بە سەبەتەی خۆراک و ئاماژەی بەوەکرد کە لیژنەکانی چاودێریکردن توانیویانە بیسەلمێنن کە ماددە خۆراکییەکان شیاو و تەندروستن ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی سەلامی بووە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو" کە هێرشی پڕوپاگەندەی بەردەوام بۆ سەر سەبەتەی خۆراک واتە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان هیچ بنەمایەکی نییە، جگە لە هەوڵدان بۆ تێکدان و تۆمەتبارکردنی هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەت بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستی خۆراکی بۆ هاووڵاتییان".


PM:07:00:05/03/2024