وەزارەتی کارەبای هەرێم ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا نۆژەنکردنەوەی بەرهەمهێنانی هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کارەبای لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕاگەیاند کە دوێنێ بۆردومانکرا.
كهمال محهمهد وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكانی ههرێم (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرومۆر، توانیویانە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی ٢ ههزار و ٥٠٠ مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننەوه ١ هەزار و ٦٠٠ مێگاوات".
ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی هەردوو وەزارەت بە درێژای شەوی رابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە، رێگایان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات.
دەشڵێت" ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی غاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر، سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".
ئێوارەی دوێنێ هەینی کێڵگەیەکی غازی کۆرمۆر لە سنوری قەزای چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی ٢ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کەمبووەوە.