كەسێك بەتۆمەتی فێڵ لە هاوڵاتیان دەستگیر دەکرێت

پۆلیسی ڕانیە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند، کە بەناوی کاری خێرخوازییەوە فێڵی لە ژمارەیەک هاووڵاتیی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی رانیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێزەکانمان لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین ئاگادارکرانەوە لە جۆرێک لە جۆرەکانی تاوانی فێڵکردن لەلایەن تۆمەتبارێک، کە بەفێڵی هاوکاریکردنی چەند هاووڵاتییەک بەناوی کاری خێرخوازییەوە پێناسەکانیانی بەدەستهێناوە، دواتر بەو پێناسانە هەستاوە بەدروستکردنی کارتی بانکی.

ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەو کارتانەی بەکارهێناوە بۆ بازرگانی و وەرگرتنی دۆلار لەبانکەکان، بڕیاری دادوەر بە دەست هات و پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە.

ئاشکراشیکردووە، دوای بە دەستهێنانی زانیاریی ورد و پێویست توانرا لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بەناوی (ی.ع.ا) لە رەگەزی نێر دەستگیر بکرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانینا بە تاوانەکەی، دادوەر بریاریدا بە راگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی.


PM:07:04:05/03/2024