مەسرور بارزانی: حکومەتەکانی عێراق ئامادە نین ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" حکومەتەکانی عێراق تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان( ماوە بۆ درێژکراوە) لە سی و شەشەمین ساڵیادی کیمیارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە، و رایگەیاند" بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ".

لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە" ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

"جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن"( مەسرور بارزانی دەڵێت) .

وتیشی" خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لە سەر هەموو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕی دەڤەرەکە خرانەڕوو . هیوادارین لە داهاتوودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین" .

جەختی لەوەشکردەوە، شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەموو ئەو جێنۆسایدانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادمانن و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لە بیر خۆمان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بە بیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە .


AM:10:24:16/03/2024