شارەوانیی دهۆك هۆشداریی بە هاوڵاتییان دەدات و داوادەکات، بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە سێمێل و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆك لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەهۆی بارانبارین، ئاو لە شاخی قەشەفرێ بەرەو سەنتەری سێمێل هاتووە، بە تایبەت لە نزیک کۆلیژی چاندن، زانکۆی ئەمریکی، خان بازاڕ و تاوەکو گەڕەکی بێدارا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە سێمێل و لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بۆ ئەوەی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان ڕووبەڕووی هیچ مەترسییەک نەبنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤، بارانێکی بەهێز هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە پارێزگای دهۆك لافاو دروستبوو کە بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار خانوو و ٢٠٠ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت.