وەزیری دارایی: دابەشکردنی مووچە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران راوەستاوە

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بەسەرچوو) لە کۆتایی دیدارەکەیدا لەگەڵ پەیامنێرانی ژمارەیەک کەناڵ رایگەیاند" کاتی دابەشکردنی مووچە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت".

لە دیدارێک لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵ، ئەمڕۆ شەممە ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند کە کەس لە ئەنجومەنی وەزیران دژی دابەشنەکردنی مووچە نەبووە، هەتا لە کۆتاییەکەیدا سەرۆکی حکومەت وتی: مادام کەس دژی نییە، بێدەنگی بەمانای رەزامەندی دێت.

وەزیری دارایی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا وتی " سەرجەم کارەکانی ناردنی لیستی مووچەخۆران بە ئەلیکترۆنی کراون و هەموو مانگێک بە یەک کلیک دەتوانین سەرجەم لیستەکانیان بۆ بنێرین.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی نەبوونی یاسایی بودجەوە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا،  ئاواتی شێخ جەناب تەنها بەمە وەڵامی دایەوە" دە ساڵ نییە نۆ ساڵە "( بەبێ هیچ رووکردنەوەیەکی تر لەلایەن وەزیرەوە).
 
لەبارەی هاوتاکردنی یاسای خانەنشینی هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران وتی "ئەوان هیچ لارییەکیان نییە و هەموو ئامادەکارییەکانیشیان تەواوکردووە بۆ ئەوەی هەرکات بڕیاری لەسەر بدرێت، بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت."
  
لە  بارەی داهاتی ناوخۆوە، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت" مانگانە نزیکەی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆیان هەیە کە نزیکەی ١٥٪ـی داهاتەکە کاش نییە.''
 
ئاوات شێخ جەناب لەبارەی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت " بەگشتی مانگانە ١٨٠ ملیار دیناری دراوە بە مووچە، ٦٠ ملیار دیناری تایبەتە بە نەسرییە، ''نزیکەی ١٠٠ ملیارەکەی دیکەش بۆ خەرجیی وەبەرهێنان و بەکاربردن، پارەی دەرمان، کارەبا و.. هتد".

 لەنارەی فرۆشتنی نەوتەوە دوای راگرتنی بۆری نەوتی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بڕە نەوتە، تەنیا ١٧ ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی تانکەرەوە بە ٣١ دۆلار فرۆشتووە و لە فرۆشەکەی مانگانە نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت ماوەتەوە.
 
لەبارەی 'هەژماری من' ەوە، وەزیری دارایی دەڵێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە ٢٥٠ هەزار فەرمانبەری بە پرۆژەی هەژماری من بەستووەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستمی بانکییەوە مووچەکانیان دابەشبکات و ١٤٢ هەزار کەسیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە". 
 
ئاوات شێخ جەناب دەشڵیت؛ "پرۆژەی هەژماری من بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراوە، پێنج بانکە بەشداربووەکەش لەنێو ئەو ٤٧ بانکەن کە لە بەغدا تەوتین دەکەن و بڕیارە سێ بانکی دیکەی عێراقیش تێیدا بەشداربن، بەڵام تەوتینی عێراق تەنیا کارتێکە و دەچیت پارەی کاشی پێ رادەکێشیت و بەدەر لەمە هیچ مامەڵەیەکی دیکەی ناتوانی پێبکەیت".



PM:11:44:23/03/2024