سودانی: چارەسەری مووچەی پێشمەرگە کراوەو هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت


شەوی رابردوو سەرۆک وەزیری عێراق کە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبۆتەوە، پێی راگەیاندوون؛ کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان چارەسەر کراون، هەروەها جەخت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠  حوزیراندا دەکاتەوە.

بەپێی راگەیاندنی فراکسیۆنی یەکێتی کە لە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، سودانی دڵنیاییداوە کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنیەکان چارەسەرکراوەو هەنگاوەکانیش بۆ تەوتینی مووچە و ئەژماری بانکی روو لەچارەسەرن. 

لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، سودانی روونیکردۆتەوە، حکومەتەکەی ئەرکی لە دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوکاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کردووەو لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ.

 دەقی راگەیاندنەکەی فراکسیۆنی یەکێتی:

فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی دادو ژینگە. لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە. لەکۆبونەوەکەدا کە لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەچوو، فراکسیۆنی یەکێتی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بەژیانی خەڵک و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکانی ئاراستەی بەڕێز سەرۆک وەزیران کرد. لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال و خەباتی بۆ هێنانەدی ئازادی لەعێراق و بنیادنانەوەی وڵاتەکە و قووڵکردنەوەی تەبایی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان کرد. راشیگەیاند یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی حکومەتی ئێستای عێراقە و هەڵوێستی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەمیشە جێگای رێزە و درێژکراوەی سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە. هەروەک بەوردی سەرۆک وەزیران کارو هەنگاوەکانی حکومەتەکەی خستەروو، بەتایبەتی ئەو پرس و کێشانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، کە هەنگاوی دڵخۆشکەری نێردراون. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پشتیوانی یەکێتی وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ حکومەتەکەی بەڕێز سودانی دووپاتکردەوە، بەتایبەت لەچارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی خەڵک. لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا، سەبارەت بە قەیرانی موچە، فراکسیۆنی یەکێتی، وێرای سوپاسکردنی سەرۆک وەزیران بۆ پەرۆشیان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە، داوای کرد پەلە بکرێ لە تەواوکردنی هەنگاوەکانی تر بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە، کە خەڵکی کوردستانی تووشی نەهامەتیەکی گەورە کردۆتەوە، هەروەک داواشی کرد، پرۆسەی تەوتین و ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێ، لەبەرامبەردا بەڕێز سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، حکومەتەکەی خۆی بەرپرسیار دەزانێت لە دابینکردنی مووچە بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی و دڵنیاییدا کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنیەکان چارەسەرکراوەو هەنگاوەکانیش بۆ تەوتینی مووچە و ئەژماری بانکی روو لەچارەسەرن. سەبارەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی هەڵوێستی یەکێتی دووپاتکردەوە، کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ. لەبەرامبەریشدا بەڕێز سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، حکومەتەکەی ئەرکی لە دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوکاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کردووەو لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ. هەر لە کۆبونەوەکەدا، فراکسیۆنی یەکێتی جەختی لە تەواوکردنی رێکارە دەستورییەکان کردەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێتی کەرکوک، ستایشی رۆڵی سەرۆک وەزیرانیان کرد، بۆ نزیکردنەوەی پێکهاتە و لایەنە براوەکانی پارێزگاکە بەئاراستەی سازان. سەبارەت بە سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچە سنورییەکان، فراکسیۆنی یەکێتی داوای کرد، حکومەتی ئیتحادی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە تا لەرێگای کەناڵە دیپلۆماتیەکانەوە چارەسەری بکات. هەروەها داواکرا بەڕێز سەرۆک وەزیران هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەمبارەیەوە بەرێز سەرۆک وەزیران رایگەیاند لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن. لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا بەڕێز سەرۆک وەزیران گوێیبیستی ئەو داواکارییانە بوو، کە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی یەوە خرانەروو، لەوانە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆک و ناوچەکانی تری کوردستان و دوکاندارو کاسبکارانی بازاڕی لەنگەی هەولێرو گواستنەوەی مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی ئیتحادی و داننان بە زانکۆی گەرمیان و جەرمووبو راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئیتحادی و راگرتنی پرۆژەی تەلبەندکردنی ناوچە سنورییەکان لەگەڵ ئێران و ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خانەقین و خورماتوو، هەروەها پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ و دامەزراندنی سەندوقی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەو گرنگیدان بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی تاوانی ئەنفال و کردنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ لە قەڵادزێ و داواکاری ڕەوای ناوچەکانی شەنگال و خوشک و برایانی یێزیدی و مەخمور و ژمارەیەک داخوازی تر.



AM:08:28:25/03/2024