پزیشکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند

پزیشکانی پلەبەندی شاری سلێمانی رایدەگەیەنن" بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە سبەینێ لە بەردەم نەخۆشخانەی شار گردبوونەوە ئەنجام دەدەین". 

پزیشكانی نیشتەجێی دێرین و خولاو و پلەبەند لە سلێمانی، ئەمشەو دووشەممە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٤ راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" وەكو ئاگادارن ماوەی ٥٤ ڕۆژە مووچەی مانگی ٢ دابەشنەكراوە، لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠٢٣ دا سێ موچەمان نەدراوە، بارودۆخێكی ئابووری سەخت ڕووبەڕووی پزیشكانی گەنج بوەتەوە لەم شارەدا لە سۆنگەی بەرپرسیاریتیمانەوە تا ئێستا بەردەوام بووین لە دەوام". 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەو پزیشکانە دەشڵێن" ئەشزانین بڕی پێویستی پارە بۆ مووچە دابینكراوە و لەبەردەستە، بەڵام دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ زیاتر چەوسانەوەی ئەم میللەتە، بۆیە وەكو پزیشكانی نیشتەجێی دێرین و خولاو و پلەبەند بڕیارماندا بە ڕاگرتنی دەوام لە سەرجەم سێكتەرەكانی تەندروستی شاری سلێمانی و دەوروبەری و بەردەوامبوونمان تەنها لە دەوامی فریاكەوتنەكان". 

ئاماژە بەوەشدەکەن، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و هەڵوێیستیان بڕیاریانداوە سبەینێ سێشەممە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی لە بەردەم نەخۆشخانەی شار گردبنەوە. 


PM:11:16:25/03/2024