جێگری پارێزگاری هەڵەبجە:دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانی هەڵەبجە زیاتر لە شەش هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە داوای دەستپێکردنەوەی کارکردن لەو پرۆژانەدا دەکات کە لە سنووری پارێزگاکەدا ڕاگیراون و دەڵێت" نزیکەی ٢٠٠ پرۆژەن".

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند" ئێستا کە مووچە بەرەو چارەسەر دەڕوات و کێشەی تەواو کردنی مووچە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ نامێنێت و مانگانە داهاتی ناوخۆ نزیکەی ٣٠٠ ملیار دیناریش بێت لەو بڕە ڕێژەیەکی پێویستە دابنرێت بۆ پڕۆژەکان".

وتیشی" پێویستە ئاوڕێکی جدی لە پڕۆژەکان بدرێتەوە، پڕۆژەکان گەر دەستپێبکەنەوە کە بە پاساوی نەبوون و کەمی نەختینە لە %٩٥ ی زیاتر لە پڕۆژەکان وەستاوە دەبێتە هۆی جووڵەیەکی گەورەی بازاڕ و بوژاندنەوەی ئابوری و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر هاووڵاتییان بەشێوەیەکی گشتی و هیچی کەمتر نابێت لە پێدانی مووچە".

ئەوەشی خستەڕوو کە نزیکەی ١٠ ساڵە پڕۆژەکان ڕاگیراون، سەرەڕای گەیاندنی زیانێکی زۆر بە پرۆژەکان و داهاتی گشتی، زیانی گەورەی بە کۆمپانیا و بەڵێندەران گەیاندووە و ژمارەیەکی زۆریان مایەپووچ بوون و لەلایەکی تریش هەزاران کەسی تووشی بێ کاری کردووە.

کاوە عەلی ڕاشیگەیاند" تەنها لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی ٢٠٠ پڕۆژە ڕاوەستاوە و پێویستی بە ٢٥٦ملیار دینار هەیە بۆ تەواوکردنیان، ئەگەر لە داهاتی ناوخۆی مانگی دوو و سێ کە کۆکراوەتەوە و خەرج نەکراوە بۆ مووچە، هەفتانە چەند ملیار دینارێک خەرج بکرێت بۆ کۆمپانیاکان سەرجەمیان ئامادەن دەست بە پڕۆژەکان بکەنەوە".

ڕوونیشیکردەوە پڕۆژە وەستاوەکانی پارێزگای هەڵەبجە بەم شێوەیەن:

پڕۆژەکانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ٤٣ پڕۆژە

پڕۆژەکانی بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکان ٥٤ پڕۆژە

پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرھێنان ٥٦ پڕۆژە

پڕۆژەکانی بودجەی ئاسایی و داهات ١٣ پڕۆژە

پڕۆژەکانی ( وەبەرھێنان و پەرەپێدان و نەوت )بێ گرێبەست ٢٤ پڕۆزە

پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی پەرەپێدان ٢٠٢٣( ١٠) پڕۆژە.

جێگری پارێگاری هەڵەبجە ڕاشیگەیاند، ئەگەر بە تێکڕا بۆ هەر پڕۆژەیەک ٣٠ کرێکار و شۆفێر و ئەندازیار کار بکەن، ئەوا ئەو ٢٠٠ پرۆژەیەی هەڵەبجە نزیکەی شەش هەزار هەلی کار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەڕەخسێتەوە و هەزارانی تریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن.

کاوە عەلی وتیشی" چاوەڕێی ئەوەین پشویەک بە هاوڵاتیان بدرێت و لەو پەستانەی لەسەریان دروست بووە سووک بکرێت (بە پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان و خەرج کردنی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان)".


PM:12:07:04/04/2024