پلەی زیاتر لە ١٤ هەزار و ٧٠٠ ئەفسەر و پێشمەرگە بەرزکرایەوە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند" پلەی ١٤ هەزار و ٧٤٧ پلەدار و پێشمەرگە بەرزکرایەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند" بە بڕیاری شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پلەی ١٤ هەزار و ٧٤٧ پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە دیوان و لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزکرایەوە".

ڕوونیشیکردەوە بڕیارەکە پاڵپشت بەماددەی چواردە لەسیستەمی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١١ی پەیڕەوی نیزامی ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە تایبەت بەیاسای ژمارە ٣٨ی ساڵی ٢٠٠٧، هەروەها ئاماژە بە فەرمانی وەزاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی گشتی ژمارە ٦٠٣٣ لە ٢٠١١/١٢/٤ تایبەت بەڕێنمایی پلە بەرزکردنەوەی کارمەندان دراوە".

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە هیچ پلەیەکیان نییە تاوەکو دەگاتە جێگری ئەفسەر، واتە ملازم و بۆ سەرەوە ناگرێتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو " کە ئەم پلەبەرزکردنەوەیە گوزارشتە لە خشتەی نەورۆزی ٢٠٢٤ی کارمەندان".



PM:06:26:08/04/2024