داهاتی ئەم هەفتەی سلێمانی ٩٧٪ کەمی کردووە

ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا داهاتی نانەوتیی سنووری پارێزگای سلێمانی کەمتر لە یەک ملیار دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشوو ٩٧٪ کەمیکردووە.

 ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکان، لە ٦ی نیسان تاوەکو ١٢ی نیسان، بڕی داهات ٨٤٩ملیۆن و ٤٢٢هەزار و ٤٢٥دینار بووە.

هەر بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕەکە، لە داهاتی ئەم هەفتەیە بڕی ٨٤٩ملیۆن ٣٦٨هەزار و ٩٠٠دیناری بەشێوەی نەختینە بووە و ٥٣هەزار و ٥٢٥دیناری بەشێوەی چەک بووە.

داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی پێشوو ٩٧٪ دابەزیوە بە جۆرێک لە ٣٠ی ئازار تاوەکو ٥ی نیسان بڕی داهات ٣١ملیار و ٦٢٧ ملیۆن و ٥٤٤ هەزار و ٤١٠ دینار بووە، ئەوەش بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت.

دابەزینی داهاتی سلێمانی لە کاتێکدایە، بەهۆی جەژنەوە ئەم هەفتەیە زۆرینەی رۆژەکان پشووی فەرمی بووە و تەنها رۆژی یەکشەممە و دووشەممە دەوامی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان هەبووە


PM:12:38:12/04/2024